وەزیری ناوخۆ چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی قەزای چەمچەماڵ دەرکرد

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی قەزای چەمچەماڵ دەرکرد. سامی جەلال، بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە: “دواى 48 کاتژمێر له سەردانى شاندى وەزارەتی ناوخۆ بۆ قەزای چەمچەماڵ، بەرێز وەزيرى ناوخۆ ژمارەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی قەزای چەمچەماڵ دەرکرد”. بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە بڕیارەکانی وەزیری ناوخۆ کردووە کە بریتین لە (کردنەوەی نووسينگەى نەهێشتنی تاوان لە چەمچەماڵ، کردنەوەی بنکەی پۆلیسی شارەوانی لە چەمچەماڵ، هێنانەکایەی بەشی پۆلیسی بەرگری شارستانی و بەستنەوەی بنکەکانی ناحیەکان بەو بەشەوە، لەگەڵ خەرجکردنی بڕی 49 ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی باڵەخانەی نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ).