دوێنێ یەکشەممە، شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان کە لەسەر ناوچەی قەرەباخە، توند و قووڵتر بووەتەوە و پایتەختی قەرەباخ، هەروەها دووەم گەورە ساری ئازەربایجان بۆردومان کراون. ئاژانسی (فەڕەنسا) بە پشتبەستن بە میدیاکانی ئەرمینیا بڵاو کردووەتەوە، شاری ستپاناکرت کە پایتەختی قەرەباخە لە ڕۆژی هەینییەوە لەژێر ئاوری بۆردومانی هێزەکانی ئازەربایجان دایە و دوێنێ یەکشەممەش جارێکی دیکە بۆردومان کراوەتەوە. هاوکات وەرزارەتی بەرگریی ئازەربایجان بڵاوی کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەرمینیا شاری (گەنجە) کە زیاتر لە ٣٣٠ هەزار دانیشتووی هەیە و لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەیە، بۆردومانیان کردووە. حیکمەت حاجیۆف، ڕاوێژکاری سەرکۆماری ئازەربایجان شەوی ڕابردوودا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: “ئەرمینیا بە هێرشی مووشەک هاووڵاتیانی سڤیل و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنیی لە شاری پیشەسازیی “مینگە چویر” و ناوچەی “ئابشرون”یان کردووەتە ئامانج. هاوکات لەگەڵ قووڵتربوونەوەی شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، هەردوو وڵات یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە شەڕەکاندا هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج. شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کە لەسەر ناوچەی کێشەلەسەری قەرەباخە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ٩ی٢٠٢٠وە دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستا لە هەردوولا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش بریندار بوون، بەڵام لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردوودا ئامارێکی ڕاست و دروست لە ژمارەی قوربانیانی ئەو شەڕانە بڵاو نەکراوەتەوە. لە کاتێکدا بەشێکی زۆر لە وڵاتان داوای ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەکەن، کەچی هەردوو وڵات لەسەر درێژەی شەڕەکە پێداگرن و ڕێبەرانی باڵای ئازەربایجان ئاشکرای دەکەن هەتا هێزەکانی ئەرمینیا لە ناوچەی قەرەباخ نەکشێنەوە، شەڕ ڕاناگرن. هەردوو وڵات بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا پێشڕەوییان کردووە و دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی یەکتردا گرتووە و وەزیری بەرگریی ئازەربایجان ڕای گەیاندووە لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا ١٤ گوندیان لە قەرەباخ کۆنترۆڵ کردووە. ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دوای ئەوە سەری هەڵداوە کە ئازەربایجان باس لەوە دەکات ٢٠٪ی خاکەکەی یەک لەوان ناوچەی (ئاگۆرنۆ – قەرەباخ) و حەوت ناوچەی دیکە ماوەی سێ دەیەیە لەلایەن ئەرمینیاوە داگیر کراوە و ئەو ناوچانە دەبێ بگەڕێندرینەوە سەر خاکی ئازەربایجان.