هێمن هەورامی: دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان سەرکەوتوو و پڕ گفتوگۆ بوو

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا کە تیایدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکوومەت ئامادەی بوون ٤٥٠ پرسیار لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاراستە کراوە. هەورامی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی”دانیشتنێکی ئاسایی پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای رێزدار کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ بە رەوشی دارایی و پرۆسەی چاکسازی و گفتوگۆکان لەگەل بەغدا و ناوچە کوردستانیەکان و لێکەوتەکانی کۆرۆنا”. ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە “لەم دانیشتنەدا راپۆرتێکی ورد لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە خرایە روو، دواتر ٩٨ ئەندامی پەرلەمان نزیکەی ٤٥٠ پرسیار و بابەتیان خستە روو و دانیشتنێکی سەرکەوتوو پڕ گفتوگۆ”. ئەمڕۆ دووشەممە(٥-١٠-٢٠٢٠) لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت بۆ خستەڕووی كار و پڕۆژه‌كانی تا ئێستای كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.