ئیدارەی خۆسەر ژمارە و ڕەگەزنامەی ئەو داعشانە ئاشكرا دەكات كە لە بەندیخانەكانیاندان

بەرپرسێک لە ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، ئاشكرای كرد كە 900 کەسی سووریی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە دراونەتە دادگاکان. ئەمڕۆ سێشەممە 6/ 10/ 2020، خالید عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) بۆ (باسنیوز) گوتی: “لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 900 داعشی سووری دراونەتە دادگای بەرگریی لە گەل”. روونیشی کردەوە، كە دادگاییکردنی ئەندامە داعشە سوورییەکان بەردەوامە و رانەگیراوە، بەڵام تا ئێستا داعشە بیانییەکان هیچ کەسێكیان دادگایی نەکراون. خالید عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، كە 19 هەزار ئەندامی داعش لە بەندیخانەکانی ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریادا هەن، لەناویاندا 12 هەزار داعشی سووری، 5 هەزار داعشی عێراقی، 2 هەزار داعشی بیانییش، کە لە 55 وڵاتی بیانییەوە هاتوون. گوتیشی: “ئەو داعشییانەی رەگەزنامەی سوورییان هەیە، ئێستا دراونەتە دادگای بەرگریی لە گەل، لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا”. دەریشی خست، کە هەموو ئەندامەکان تۆماری کەسییان نییە، تەنیا ناسنامەی ئەندامێتیی داعشیان هەیە، گوتیشی: “بۆیە لە سەرەتای رزگارکردنی شاری باغۆز، داوامان لە لیژنەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کرد ئەم ئاریشەیە چارەسەر بکات، بەڵام تا ئێستا وەڵامی داواکەی ئێمەیان نەداوەتەوە”. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بە پێویستی زانی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی ئەو ئەندامانەی داعش لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پێک بهێنرێ.