جارێكی تر بەهای لیرەی توركی دابەزیەوە

ئەمڕۆ سێشەممە جارێكی تر بەهای لیرەی توركی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی دابەزیوە و نزمترین ئاستی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد. دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی توركی لە چوارچێوەی مەترسییەكانی ئەو وڵاتەدایە لە بەسەردا سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپاوە، ئەمەش بە هۆی دەستێوەردانی ئەنكەرا لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، بە تایبەت دەستێوەردانی سەربازی و پێشێلكردنی سنوور و سەروەریی خاكی وڵاتان. دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی “بلومبێرگ”ی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەنكەرا بەنیازە بەم زووانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس-400ی رووسی بخاتە كار، ئەمەش نیگەرانیی ئەمریكا و یەكێتیی ئەورووپای لێ دەكەوێتەوە، بەهای لیرەی توركی هێندەی تر دابەزی. جێی باسە ئێوارەی ئەمڕۆ نزیكەی 0.5٪ی بەهای خۆی لەدەست دا و 7.8 لیرە بەرانبەر یەك دۆلاری ئەمریكی مامەڵەی پێوە كرا. پێشتر واشنتۆن ئاماژەی بەوە دابوو كە ئەگەر ئەنكەرا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی رووسی بخاتەكار، ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنێت، بەهۆی ترس لەو پێشهاتە، ئەنكەرا تا ئێستا سیستەمەكەی نەخستووەتەكار، بەڵام ئەمڕۆ بلومبێرگ بڵاوی كردەوە كە پێدەچێت هەفتەی داهاتوو سیستەمە رووسییەكە لەلایەن حكوومەتی ئەنكەراوە بۆ تاقیكردنەوە بخرێتەكار.