سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە دەدرێت

پاش ئەوەی لە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە وڵاتی سعودییە دەستپێکردنەوەی گەشتی عومرەی بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “وا بڕیارە لەسەرەتای مانگی 11 ی 2020 ی گەشتی عومرە بە ڕووی وڵاتانی جیهاندا بکرێتەوە، بێگومان هەرێمی کوردستانیش یەکێک دەبێت لەو وڵاتانە، بەڵام ئەو کاتە لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دەدات”. لە بارەی ئەو بڕە پارەیەی بە مەبەستی گەشتی عومرە لە هاووڵاتیان وەرگیرابوو گوتی: “پاش ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف بەدواداچوونی بۆ ئەو بڕە پارەیە کرد کە بە مەبەستی گەشتی عومرە لە هاووڵاتیان وەرگیرابوو، بە بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف ئەو پارەیە لە لایەن کۆمپانیاکانەوە گەڕێندرایەوە بۆ خاوەنەکانیان”. ئاماژەی بە ئەوە کرد “لە ڕابردوودا ساڵانە 10 مانگ گەشتی عومرە ئەنجام دراوە و هەر هاووڵاتیەک ویستبێتی توانیویەتی بەبێ کێشە گەشتی خۆی ئەنجام بدات و لە هەرێمی کوردستان 85 کۆمپانیای سەرەکی و 14 کۆمپانیای لاوەکیمان هەیە کە کاری گەشتی عومرە و گواستنەوەی عومرەکاران دەکەن بۆ وڵاتی سعودییە”.