ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی توركیا بڕیاری دا ڕێپێدانی بەكارهێنانی هێزی سەربازیی سوپای وڵاتەكە لەسەر خاكی سووریا و عێراق بۆ ماوەی ساڵێك درێژ بكاتەوە، بەم شێوەیە ئەم هێزانەی توركیا لەسەر خاكی ئەو دوو وڵاتەدا هەن، تا ساڵێكی تریش دەمێننەوە و ئەگەر سوپای بیەوێت، دەتوانێ هێزی تریش ڕەوانەی هەردوو وڵاتەكە بكات. ئەم بڕیارەی پەرلەمانی توركیا بە دەنگدانی كۆی ئەندام پەرلەمانەكانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی توركیا لە ئەنكەرا دەرچوو، كە تیایدا دەنگی بەڵێ بۆ ساڵێك درێژكردنەوەی ماوەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لەسەر خاكی ئەو دوو وڵاتەی دراوسێیاندا سەركەوتنی بەدەست هێنا. بە پێی بڕیارەكەی پەرلەمانی توركیا، تا مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2021 ئەم هێزانەی توركیا بەردەوام دەبن لە چالاكییەكانیان لەسەر خاكی سووریا و عێراق. جێی باسە ئەمە شەشەم جارە پەرلەمانی توركیا ئەم بڕیارە دەردەكات و بە شێوەی ساڵانە مۆڵەتەكە درێژ دەكاتەوە، دوای ئەوەی بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2014دا ئەم بڕیارەی دەركردبوو.
پەرلەمانی توركیا ماوەی مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا و عێراق درێژ كردەوە
