هێنری کێسنجەر وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا پێشبینی ڕوودانی شەڕ لە نێوان چین و ئەمریكا دەكات و دەڵێ پێویستە سنوورێك بۆ رووبەڕووبوونەوەیان دابندرێ. ئاژانسی (بڵوومبێرگ)ی ئەمریكی لە زاری کیسنجەری گواستەوە كە پێویستە سەرکردەکانی چین و ئەمریکا گفتوگۆ لەسەر دانانی سنوورێك بۆ رووبەڕووبوونەوەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی دۆخەكە لە هەڕەشەكردنەوە تێنەپەڕێ بۆ شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوەی سەربازی. کیسنجەر لە كۆڕێكی یانەی ئابووریی نیویۆرك قسەی كردووە و بە پێویستی دەزانێت رێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتێک بدۆزنەوە، كە هەردوولا لەسەری رێک بکەون. ئاماژەی بەوەش داوە كە ئەمریکاش پێویستە بە شێوازێکی نوێ بیر بکاتەوە، دەرک بەوە بکات کە جیهان زۆر ئاڵۆز بووە و بە تەنیا دەوڵەتێک ناتوانێ لە هەردوو لایەنی ستراتیژی و ئابوورییشەوە پێشبکەوێت. جێی باسە کیسنجەر كاتێ راوێژکاری سەرۆک ریتچارد نیکسۆنی ئەمریكا بووە، لە دانوستاندنێکی نهێنی و ئاڵۆزدا، وای كرد ساڵی 1972 لە سەردەمی جەنگی سارد، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی چین بكات و لەگەڵ ماوتسی تۆنگ ڕێبەری كۆمۆنسیتی چین كۆبێتەوە و کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بكەن.