پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

لە سی و دووەمین ساڵیادی کۆچی دوایی تێکۆشەر و خەباتگێڕی کورد د. نورەدین زازا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە “ئێستا لە كاتێكدا یادی خوالێخۆشبوو نورەدین زازا دەكەینەوە كە ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا ڕووبەڕووی تەحەددیاتی گەورە بووەتەوە. پێویستە بە هەوڵی هەموو لایەك و بەردەوامبوونی لەو خەباتە سیاسییەی نورەدین زازا و هەڤاڵانی بەردی بناخەی بوون، مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە سووریا بچەسپێن و كۆتایی بە ڕەنج و ئازارەكانی كورد لە سووریا بهێندرێت”. ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:- بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان سی و دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایی تێكۆشەر و خەباتگێڕی كورد د. نورەدین زازا تێدەپەڕێت. نورەدین زازا دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا و سكرتێری یەكەم حزبی كوردی بوو كە لە سووریا دەستی بە چالاكی سیاسی كرد. خواڵێخۆشبوو نورەدین زازا لە بنەماڵەیەكی نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێڕی كورد بوو كە تەمەنی خۆی لە خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەیدا سەرف كرد و لەو ڕێگەیەدا ماندووبوون و ئاوارەیی و زیندانیشی چێشتووە. ئێستا لە كاتێكدا یادی خوالێخۆشبوو نورەدین زازا دەكەینەوە كە ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا ڕووبەڕووی تەحەددیاتی گەورە بووەتەوە. پێویستە بە هەوڵی هەموو لایەك و بەردەوامبوونی لەو خەباتە سیاسییەی نورەدین زازا و هەڤاڵانی بەردی بناخەی بوون، مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە سووریا بچەسپێن و كۆتایی بە ڕەنج و ئازارەكانی كورد لە سووریا بهێندرێت. لە كۆتاییدا یادی خوالێخۆشبوو نورەدین زازا بە بەرزی ڕادەگرین و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ئازادیخوازان و نیشتیمانپەروەرانی گەلی كورد و بەدیهاتنی ئامانجەكانی ڕێبازی كوردایەتی دەخوازین. مسعود بارزانی8ـی تشرینی یەكەمی 2020