ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: لە ئێستاوە مامەڵە بە زەوییەکانی نزیک ١٠٠ مەترییەکەی سلێمانییەوە دەکرێ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند لەلایەن ھەندێک کەسەوە دەستکراوە بە مامەڵەکردن بە ئەو زەویانەی کە دەکەونە نزیک شەقامە ١٠٠ مەترییەکەی سلێمانی، لەو ڕووەوە داواکارییەک ئاراستەی شارەوانی سلێمانی دەکات. خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: ” بەپێی بەدواداچوونەکانمان دەرکەوتووە کە لە ئێستاوە کە دروستکردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی چووەتە باری جێبەجێکردنەوە لەلایەن ھەندێک کەسەوە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانی نزیک شاقامەکەوە دەکرێت”. گوتیشی: “ئەو کارە مەترسیدارە بەتایبەت دوای تەواوبوونی شەقامەکە کاریگەرییەکانی دەرکەوێت بۆیە ئەرکی شارەوانی سلێمانییە کە نەخشەی وردکاری و دیزاینی تەواوی بۆ ئامادە بکات ،بە جۆریک شوێنی سەرجەم چالاکییەکان( بازرگانی،وەرزشی، خزمەتگوزاری گشتی، کلتووری،سەوزایی) لەسەر نەخشە دیار بکات”. ڕونیشیکردەوە “پێویستە سنووری ھەردوو لای شەقامەکە لە ٧٥ مەتر کەمتر نەبێت، بەتایبەت کە حکوومەت قەرەبووی خاوەنەکنیان دەکاتەوە کە بە دڵنییایەوە سیمایەکی شارستانیی جوان بە سنوورەکە دەبەخشێت”.