کورد لە لوبنان.. بێ پاڵپشت، بێ رەگەزنامە و بێ ماف

دۆخی کوردانی لوبنان دۆخێکی تایبەت و ناوازەیە، سەرەڕای ئەوان هەزار ساڵ دەبێ لەوێ دەژین، بەڵام زۆرینەیان هەست بە پەراوێزخستن دەکەن، جگە لەو خانەوادە کوردانەی، کە تێکەڵی پێکهاتەی ئاڵۆزی ئایینی و نەتەوەیی بوون، بەڵام لوبنان دان بە ناسنامەکەیاندا نانێت. دەکرێ لە سێ قۆناغدا باس لە هەبوونی کورد لە لوبنان بکرێت، یەکەمیان بەر لە 1000 ساڵ، دووەمیان نزیکەی 100 ساڵ و سێیەمیشیان بەر لە 30 ساڵ، کاتێ کە رەگەزنامە درا بە زۆر لە خانەوادەکانیان. بەڵام هیچ رێکخراوێکی سیاسی، وەک کەمینەیەکی تایبەت لە لوبنان نوێنەرایەتیی کورد ناکات، زۆر کەسایەتییان لە رابردوودا لەناو سیاسەت و حزبایەتی و رۆشنبیریدا چالاک بوونە، وەک ئەوەی باپیرانیان بەر لە 1000 کردوویانە، کاتێ گەیشتوونەتە کەناراوەکانی لوبنان و سووریا، بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بەرگریی بکەن لەوەی ناسراوە بە هەڵمەتی خاچپەرستاندا. زۆر خانەوادە ئەوکات لەوێ جێگیر بوون، کە ئێستا پێی دەگوترێت لوبنان، وەک خانەوادەی ئەییوبی، کریدی، مرعەبی، جونبڵات. بەڵام بەر لە 100 ساڵ، کۆمەڵەی دووەمی ئاوارە کوردەکان روویان کردە لوبنان، کاتێ لەبەر ستەمی تورکیا هەڵهاتن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ناوچەکە لە رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ دابەش کرا، زۆربەی ئەو خەڵکە لە ناوچەکانی ماردین و بۆتانەوە روویان لەوێ کرد. هەروەها مرابعی، حەمی، مەشیک، حەموود و کوردی، لەو خانەوادە رەسەنانەی کورد بوون. حەنان عوسمان، سەرۆکی هاوبەندی نەورۆزی رۆشنبیری- کۆمەڵایەتی لە لوبنان، بۆ ئاژانسی (شەفەق نیوز) دەڵێ: “بەگوێرەی خەمڵاندنە نافەرمییەکان، ژمارەی کورد لە لوبنان لەنێوان 80 بۆ 150 هەزار کەسە، لە ناوچە و گەڕەکە جیاجیاکانی بەیرووت نیشتەجێن، وەک بەستە و بورج ئەبی حەیدەر و بەندەری حەسن و کرنتینا و بورج حەموود، هەروەها لە شاری تەڕابلوس لە باکوور و لە ناوچەی دەشتی بیقاع دابەش بوونە.حەنان ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە: “زۆر لە کوردان لە وڵاتی دایکەوە بەهۆی هەڵوێستی سیاسییان وەدەرنراون، یان دوورخراونەتەوە، وەک خانەوادەی بەدرخانییەکان، کە رۆڵێکی گەورەیان لە میسڕ و لوبناندا هەیە، لە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و بەرگریی لە مافەکانی کورد”.بەر لە ساڵی 1985 خەمڵاندنەکان بۆ ژمارەی کورد لە لوبنان 60 هەزار کەس بووە، لەو ژمارەیەدا بەهۆی شەڕی ناوخۆیی و دۆخی سەختی بژیو لە لوبنان، هەزارانیان بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە، چونکە هەمیشە وەک هاووڵاتیی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و دان بە ناسنامەکانیان نەندراوە. زۆر لە گەنجەکانیان پەیوەندییان بە ریزەکانی (بزووتنەوەی نیشتمانی)یەوە کردووە، کە هێزە چەپ و نیشتمانییەکانی لەخۆ گرتووە و لە شەڕی ناوخۆیدا لایەنگری فەلەستییەنییەکان بوونە. لە قۆناغی دوای شەڕ، دەرکەوت ژمارەیەک لە دەنگدەری کورد لایەنگری پالێوراوی پێکهاتەی سوننەیان کردووە لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا.لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی پێشبینی و خەمڵاندنەکان لە ساڵی 2012، نزیکەی 40%ی کوردانی لوبنان رەگەزنامەی لوبنانییان نەبووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی حەنان، نزیکەی 50 هەزار کوردی دیکە لە باکووری سووریاوە، بەتایبەت لە ناوچەی عەفرین و کۆبانێ، دوای داگیرکردنی ناوچەکانیان لەلایەن سوپای تورکیا و کرێگرتەکانیان، رایان کردووەتە لوبنان.سەبارەت بە کۆمەڵە و رێکخراوە سیاسییەکانیش، حەنان دەڵێ: “لەسەرتای سەدەی بیستەمدا، چالاکوان و سیاسییەکانی کورد چەندین کۆمەڵە و حزبیان دروست کرد و چەندین رۆژنامەیاشیان دەرکرد، چونکە لوبنان پەناگەیەک بووە بۆ ئازادیی بروڕا و سەنتەرێکی گەورەی رۆژنامەوانییش بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست”.ئاماژە بۆ ئەوەش ئەکات، کە ژمارەیەکی کەم لە کورد رەگەزنامەی لوبناییان پێ دراوە، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆر لێی بێ بەش بوونە، سەرەڕای ئەوەی، کە قوربانییەکی زۆریان لە بەرگریی لە لوبناندا بەخشیوە.فەیسەڵ جەمیل محۆ، یەکێ لە کوردانی لوبنانە و بۆ ئاژانسی (شەفەق نیەز) دەڵێ: “کێشەی کورد لە لوبنان کێشەی ئێش و ئازار و بێ بەشکردنە، کە زۆر لە لوبنانییەکان بەدرێژایی چەندین ساڵ تەنگژە و شەڕ پێیەوە دەناڵێنن”.کوردەکان لە لوبنان ویستوویانە لە رێی دامەزراندنی کۆمەڵەکان دەنگی خۆیان بگەیەنن، حەنان عوسمان لەم بارەیەوە دەڵێ: “ئەو کۆمەڵانە بە هۆکاری خودی و بابەتی، نەیانتوانی هیچ ئامانجێکی سیاسی بۆ کورد وەدەست بێنن، چونکە کاری ئەو کۆمەڵانە تەنیا لە رۆشنبیری و خێرخوازیدا کورت بووببوەوە”. دەشڵێ: “زۆر کەسایەتیی کوردی مێژوویەکی پڕ تێکۆشانیان هەیە، بەڵام کورد لە لوبنان تا ئەمڕۆ هیچ نوێنەرایەتییەکیان نییە بۆ ئەوەی داوای مافەکانیان بکا و بەرگرییان لێ بکات”.فەیسەڵ محۆ دەڵێ: “کورد هەر لەسەرەتای سەدی رابردووەوە، زۆریان بە لوبنان بەخشیوە، زۆرمان پپێشکەش بەم نیشتمانە خۆشەویستە کردووە، کە وەک نیشتمانی یەکەم شانازیی پێوە دەکەین، چەندین کۆمەڵەمان بۆ بەرگریی لە مافەکانی گەلەکەمان دروست کردووە، کە زۆرینەی خەڵکەکەمان تا ئێستا لێی بێ بەشن، ئەگەرچی مافێکی یاساییە”.محۆ دەشڵێ: “بەرپسانی ئەو دەستە و کۆمەڵانە لە زۆر لە دیدارەکانیان لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی ئایینی و سیاسیی لوبنان، داوای ئەو مافانەیان کردووە، وەڵامی ئەوانیش تەنیا بەڵێن بووە، بەڵام بەهەندیان وەرنەگرتووە و هیچی لێ شین نەبووە”. دەشڵێ: “ژمارەی کوردانی لوبنان بەر لە شەڕی ناوخۆ 250 هەزار کەس بووە، بەڵام زۆریان روویان کردە ئەوروپا و ئێستا لە لوبنان ژمارەیان 75 هەزار کەسە، ئەوەی جێی پێکەنینیشە ئەوەیە، ئەوانەی چوونە ئەوروپا، لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان وەرگرت، کە بۆی چوون، بەڵام 75 ساڵە لە لوبنان دەژین و پێیان نادرێ”. بۆ یەکەم جار بۆ نوێنەرایەتیی کورد لە پەرلەمانی لوبنان، حەنان عوسمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لەسەر لیستی سوننەکان لە بازنەی دووەمی بەیرووت خۆی پاڵاوت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، حەنان داوای مافی کوردەکانی لوبنانی دەکرد، وەک هەر پێکهاتەیەکی دیکەی