شەڕ و ئاڵۆزی لە قەرەباخ بەردەوامە و دەیان کەسی دیکە بوونە قوربانی

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، بەڵام شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان هەر بەردەوامە و هەردوولا یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن و دوێنێ دەیان سەربازی دیکەی ئەرمینیا کوژراون. بە گوتەی بەرپرسانی ئەرمەنیی قەرەباخ دوێنێ دووشەممە بەهۆی هێرشی مووشەکیی ئازەربایجانەوە ٥١ سەربازی دیکەی ئەرمەنی کوژراون و بەپێی ئامارەکان لە ڕێکەوتی ٢٧ی٩ی٢٠٢٠وە کە شەڕ دەستی پێ کردووە، هەتا ئێستا ٤٥٠ سەربازی ئەرمەنی لە ناوچەی قەرەباخ کوژراون. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا ٦٠ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون و بە سەدان هەزار کەسیش لە هەردوولا ئاوارە بوون. درێژەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوبژیوانیی ڕووسیا و پاش ١٠ کاتژمێر گفتوگۆ، لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن بەمەبەستی دەسپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوانیان بۆ چارەسەکردنی پرسی ناوچەی کێشەلەسەری قەرەباخ ئاگربەست ڕابگەیەنن. وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان دوێنێ دووشەممە بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک ئەرمینیای تۆمەتبار کردووە کە چەندینجار بەنیازی هێرش بۆ سەر پێگەکانی سوپای ئەو وڵاتە بوون. لە بەرانبەردا گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیاش ڕای گەیاندووە، کە هێزەکانیان لە بەرەی باشوورەوە لەژێر ئاگری مووشەک و گوللەی هێزەکانی ئازەربایجان دان. ئەم هێرش و شەڕانەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کاتێکدان کە دوێنێ دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گرووپی مینسک (ڕووسیا، فەڕەنسا و ئەمریکا) سەردانی مۆسکۆی کردووە.