هەفتەی داهاتوو وەزیری کارەبا لە پەرلەمانی کوردستان دەبێ

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بە ئامانجى ئاگاداربوون لە وردەکارىی پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت لیژنەى سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان میواندارى وەزیرى کارەبا دەکات. جەنان جەبار، ئەندامى لێژنەى وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازى پەرلەمانى کوردستان بە (باسنیوز)ى رایگەیاند: “وەزارەتى کارەبا پڕۆژەیەکى بەدەستەوەیە بۆ پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک گفتوگۆى کردووە، بە ئامانجى زیاتر ئاگاداربوون لە بابەتەکە و وەرگرتنى وردەکارى لێژنەى سامانە سروشتییەکان بڕیاریداوە هەفتەى داهاتوو میواندارى وەزیرى کارەباى هەرێم بکات”. راشیگەیاند: “چۆنیەتى بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنى کارەباى نیشتیمانى بە هاووڵاتیان، تەوەرى میواندارییەکە دەبێ، چونکە لێژنەى سامانە سروشتییەکان بەلایەوە گرنگە زانیارى هەبێ سەبارەت بە پرسى پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت کە راستەوخۆ پەیوەندى بە ژیانى هاووڵاتیانەوە هەیە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” بابەتى پێدانى کارەباى نیشتیمانى بە کەرتى تایبەت بە جۆرێک لە دەزگاکانی راگەیاندن باسکراوە کە خەڵک لەو پڕۆژەیە زەرەرمەند دەبێ، بەڵام وەزارەتى کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا جەختى لەوە کردووەتەوە پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت لە بەرژەوەندى هاووڵاتیاندایە و بەهیچ شێوەیەک کار ناکاتە سەر گرانبوونى نرخى کارەبا”.