بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز لە سنووری پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، 40 گوندی كوردنشینی سەر بە سەرگەڕان هەڕەشەی تەعریب و داگیركردنی زەویواری لەسەرە و دەشڵێ ئەو عەرەبە هاوردانەی دوێنێ هەڵیانكوتاوە سەر گوندی پەڵكانە چەكداری حەشدی شەعبین و چەكیان پێ بووە. لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری شەرعیی ناحیەی سەرگەڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوێنێ چوارشەممە جارێكی تر عەرەبە هاوردەكان هەڵیانكوتاوە سەر گوندی پەڵكانە ویستیان پارچەیەك زەوی لە گوندی پەڵكانە و پارچەیەك زەوی دیكەی كشتوكاڵی لە گوندی شناغە داگیر بكەن، پێرێ بۆ دوو پارچە زەوی دیكەی سنووری گوندی پەڵكانە هاتبوون كە داگیری بكەن، رۆژێك پێش ئەوەش بۆ هەمان مەبەست هاتبوونەوە، بۆیە ئەمە بەردەوام دەبێت و رەنگە بەیانی جارێكی تر ئەو عەرەبانە بۆ هەمان مەبەست بێنەوە، ئەوان لەلایەن پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكەوە پشتگیری دەكرێن، بەڵام دوێنێ جووتیارانی كورد لێیان هاتبوونە دەست و رووبەڕوبوونەوە لە نێوان عەرەبە هاوردەكان و خەڵكی گوندەكان ڕووی داوە”. لەبارەی ئەوەی ئەو عەرەبانەی كە دوێنێ چوبوونە ناو گوندی پەڵكانە چەكیشیان پێ بووە؟، بەڕێوەبەری شەرعیی ناحیەی سەرگەڕان، گوتی: “ئەو عەرەبانە ئێستا چەكداری حەشدی شەعبین و چەكیان پێ بووە بۆیە دۆخەكە چارەسەر نەكرێت ئەوا رەوشەكە لەدەست دەردەچێت”. گوتیشی: “ئێمە لە سنووری سەرگەڕان خاوەنی 42 گوندین، 40 گوندیان كوردنشینن، تەنیا دوو گوندیان عەرەب نشینن هەن، سەرجەم گوندە كوردنشینەكان هەڕەشەی تەعریب و داگیركردنی زەویوزاری لەسەرە لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە”.
’40 گوندی سنووری سەرگەڕان هەڕەشەی تەعریب و داگیركردنی زەویوزاریان لەسەرە’
