كۆمەڵكوژییەكەی حەشدی شەعبی عەرەبی سوننە دەگەڕێنێتەوە سەر داواكردنی هەرێمی سەربەخۆ

دوای كۆمەڵكوژییەكەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، سوننەكانی عێراق جارێكی تر دەنگی داواكردنی هەرێمی سەربەخۆ بەرز دەكەنەوە. ئەمڕۆ دووشەممە ناجح میزان سەركردەیەكی سیاسیی سوننەكانی عێراق بە ماڵپەڕی “شەفەق نیوز”ی راگەیاندووە كە سەركردە سوننەكان جارێ هیچ هەنگاوێكیان بەرەو پێكهینانی هەرێمێكی سوننی نەناوە، بەڵام پێكهاتەی عەرەبی سوننەی عێراق لەگەڵ راگەیاندنی هەرێمی سوننەدان و ئەمەش وەكو خەونێكی لێ هاتووە و دەیانەوێ بەدی بێنن. هەروەها ئەوەشی گوتووە كە سەركردە سیاسییەكانی عەرەبی سوننەش لەگەڵ راگەیاندنی هەرێمی سوننەدان، بەڵام دەترسن ئەوە رابگەیەنن. میزان لەبارەی ترسی سەركردە سوننەكانیشەوە زیاتر گوتی ئەوان لە كاردانەوەی میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران دەترسن. جێی باسە دوابەدوای كۆمەڵكوژییەكەی حەشدی شەعبی رۆژی شەممەی رابردوو لە ناوچەی بەلەد سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین دەرهەق بە هاووڵاتییانی سوننە كردی و هەشت كەسیان گوللەباران كرد و چوار كەسیش بێسەروشوێن كران، سوننەكانی عێراق جارێكی تر راگەیاندنی هەرێمێكی سوننی بە ڕێگەچارەی رزگاربوون لە دەست زۆرداری میلیشیا شیعییەكان دەزانن.