توركیا لە ئیدلب دەستی بە كشانەوەی هێزەكانی كرد

سوپای توركیا لە بنكەی سەربازیی مۆرەكی سەر بە ئیدلب لە باکووری سووریا دەستی بە كشانەوەی هیزەکانی كردووە، كە ئەو بنكەیەی وەكوو بنكەی چاودێری بەكار دەهێنا و وەكوو شوێنێكی ستراتیژیش لێی دەڕوانی. ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوی كردووەتەوە، سوپای توركیا لە بنكەی مۆرەكی ئیدلب دەستی بە كشانەوە كردووە، كە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ئەو بنكەیەی دامەزراندووە. بەرپرسێكی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەمبارەوە ئەو هەواڵەی بۆ (رۆیتەرز) پشتڕاستی كردووەتەوە كە سوپای توركیا لەو بنكەیە ماوەی دوو رۆژ دەبێت دەستی بە كشانەوە كردووە. لە هەواڵەكەدا هاتووە، ئیتر لەو بنكەیە شتێك بە ناوی سوپای توركیا نامێنێت، كشانەوەكەش چەند رۆژێك دەخایەنێت. لە بەشێكی تری هەواڵەكەی (رۆیتەرز)دا هاتووە، توركیا جارێ بیر لەوە ناكاتەوە بنكە سەربازییەكانی دیکەی لە ئیدلب بكشێنێتەوە، ئەوەی هەیە تەنیا یەك بنكەیە و تاكوو ئێستاش لەلایەن بەرپرسانی سەربازیی توركیاوە هۆكاری چۆڵكردنی ئەو بنكەیە روون نەكراوەتەوە.