‘٣٥%ی کارەبای ھەرێمی کوردستان بەفیڕۆ دەچێ’

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا ٣٥%ی کارەبای بەرھەمھێندراو بەفیڕۆ دەچێت و لە ڕێگەی پلانێکیشەوە ئەو بەفیرۆچوونە ناھێڵن. ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٦٤٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەیە کە کەسانێک زێدەڕۆییان کردووەتە سەر کارەبای نیشتمانی و بەو ھۆیەوە ٣٥ %ی کارەبای بەرھەمھاتوو کە بەفیڕۆ دەچێت”. گوتیشی: “پلان و بەرنامەی نەھێشتنی ئەو زێدەڕۆیی و بەفیڕۆچوونەی کارەبامان دەستپێکردووە کە خۆی لە ھەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆیی سەر کارەبا و دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا دەبینێتەوە،بە جۆرێک ئێستا ٣٣٥ ھەزار پێوەری زیرەکمان بەستووە و لە کارەکەش بەردەوامین”. سەبارەت بە ئەوەی ئاخۆ ھەنگاوەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە کەرتی تایبەت گەیبشتووەتە کوێ؟ ئومێد ئەحمەد ئاشکرای کرد: “پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەی وەزارەتی کارەبادایە و دوای تەواوکردنی وردەکارییەکان لە ساڵی داهاتوو(٢٠٢١) کەرتی تایبەت بەشدار دەکەین لە بەڕێوەبردنی کەرتی کارەبا ،واتە کارەبا بە تەواوەتی نادرێت بە کەرتی تایبەت بەڵکو ھاوبەشی پێدەدکرێت لەگەڵ حکوومەت و ناھێڵدرێت ھاووڵاتیان زیانیان بەرکەوێت”.