سەرۆکی پارتی دیموکراتی و گەشەپێدان هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری وڵاتەکەی بە بەکارهێنانی ئیسلام و نەتەوە ۆ شاردنەوەی راستییەکان، تۆمەتبار دەکات. عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراتی و گەشەپێدان رایگەیاندووە، هەر کاتێ پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) بووە هاوپەیمانی حزبی دەسەڵات، گەلی تورکیا پێویستیی بە نان دەبێت. ئەو لێدوانەی عەلی باباجان دوای ئەوە هات، کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای لەگەلی تورکیا کرد بەشداریی هەڵمەتی هەڵواسینی نان بکەن. باباجان، کە پێشتر سەرکردەیەکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار بوو، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار (ئاکەپە و مەهەپە)، کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکەپە سەرۆکایەتی دەکات، ئیسلام و پرسی قومییەت (نەتەوەیی) بۆ شاردنەوەی راستییەکان لەبارەی بارودۆخی تورکیا، بەکار دەهێنن. سەرۆکی پارتی دیموکراتی و گەشەپێدان رەخنەی لە سیاسەتی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار گرتووە و رایگەیاندووە، نەتەوەییبوون هەڵواسینی دوو نان نییە بە وێنەی سەرۆک و دروشمی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدارەوە، ”هەڵمەتی هەڵواسینی نان نمایشێکی سیاسییە و قۆستنەوەی کولتوری نەتەوەیە بۆ بەرژەوەندیی سیاسی“. هەڵواسینی نان، کولتورێکی سەردەمی عوسمانییەکانە و تێیدا کەسانی خوا پێدا لە کاتی نان کڕین، پارەی دوو نان دەدەن، نانک دەبەن و نانێکیش لە بەردەم نانفرۆشەکە هەڵدەواسن تا کەسانی هەژار بیبەن.
عەلی باباجان: هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان ئیسلام بۆ شاردنەوەی راستییەکان بەکار دەهێنێت
