هێزە ئاسایشییەكانی عێراق دەچنە باری ئامادەباشییەوە

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە لە سبەینێ هەینییەوە هێزە ئاسایشییەكانی وڵاتەكە دەچنە باری ئامادەباشییەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییەی چاوەڕوان دەكرێ لە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە دەست پێبكات. چالاكوانانی عێراق داوایان كردووە خۆپیشاندانێكی بەرفرەوانی جەماوەری لە ڕۆژی یەكشەممەوە دەست پێبكات، ئەمەش لە یەكەم ساڵیادی گەورەترین شەپۆڵی خۆپیشاندانی ناڕەزاییە كە لە 25ی ئۆكتۆبەری رابردوودا زۆربەی شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتەوە و لە ئەنجامیشدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات دەستی لەكار كێشایەوە و حكوومەتەكەی هەڵوەشایەوە. لە خۆپیشاندانەكانی پاردا هێزە ئاسایشییەكانی وڵاتەكە بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی خەڵك بوونەوە و سەدان خۆپیشاندەری مەدەنی كوژران و بە هەزارانیش بریندار و كەمئەندام بوون، دەیان چالاكوانیش لەلایەن چەكداری نەناسراوەوە ڕفێندران و كوژران.