ئەمریکا باڵوێزی ئێرانی لە عێراق خستە لیستەی گەمارۆکانەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوێنی پێنجشەممە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە عێراق خستووەتە لیستەی گەمارۆکانەوە. نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (ئۆفک) ئاشکرای کردووە ئیرەج مەسجدی جەنەراڵێکی سوپای پاسدارانە و لە عێراق پشتیوانی و چاودێریی ئەو گرووپ و میلیشیانەی لە ئەستۆیە کە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەو وڵاتە. ستیۆ منووچین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش لەمبارەوە ڕای گەیاندووە حکوومەتی ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی، سەرقاڵی دروستکردنی قەیرانە لە دەرەوەی سنوورەکان، بۆ ئەم مەبەستەش ئەندامانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە وڵاتانی ناوچەکە وەک باڵوێز دەستنیشان دەکات، ئەم بابەتە بەتایبەتی هەڕەشە لە سەروەری و سەقامگیری عێراق دەکات. وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕاشی گەیاندووە ئەمریکا بەکەڵکوەرگرتن لە هەموو دەرفەت و تواناکان لە هەوڵدایە تاکوو ئامانجەکانی حکوومەتی ئێران و بەرپرسانی باڵای سوپای قودس کە دەستێوەردانە لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و تێکدانی هەڵبژاردەنەکانی ئەمریکا، پووچەڵ بکاتەوە. نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ ئاشکرای کردووە کە ئێران ئەندامێکی سوپای پاسدارانی لەژێر ناوی باڵوێزدا ناردووەتەوە یەمەن. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێشتر لەمبارەوە سوپای پاسداران، فەیلەقی قودس، دامەزراوەی بەیان گوستەر، یەکێتیی نێودەوڵەتیی میدیا ئەلکترۆنییەکان و یەکێتیی رادیۆ و تەلەفزیۆنە ئیسلامییەکانی ئێرانی بەهۆی هەوڵدان بۆ دەستێوەردان و شێواندنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، خستووەتە لیستەی گەمارۆکانەوە.