پێنج وڵاتی دیکەی عەرەبی، دوای ئیمارات، بەحرێن و سوودان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە. ئێوارەی رۆژی هەینی 23-10-2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدوڵڵا حەمەدۆک، سەرۆک وەزیرانی سوودان، کردووە. لەو پەیوەندییەدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سوودان رێککەوتوون لەسەر دەست پێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تەل ئەڤیڤ و خەرتووم. دۆناڵد ترەمپ دوای رێککەوتنەکە، رایگەیاندووە، کە پێنج وڵاتی دیکەی عەرەبی، کە سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانە، هاوشێوەی ئیمارات، بەحرێن و سوودان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە. تا ئێستا وڵاتانی میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن و سوودان، پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. پێشتر لە رۆژی سێشەممە 15-9-2020، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپ، عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئسرائیل، (رێککەوتنی ئاشتی) واژۆ کرد. هەر لە هەمان رێوڕەسمدا، بنیامین نەتەنیاهۆ و عەبدوللەتیف زەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن، “رێککەوتنی راگەیاندنی ئاشتی”یان لەنێوان وڵاتەکانیاندا، واژۆ کرد.
پێنج وڵاتی دیکەی عەرەبی دوای سوودان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە
