حکوومەتی شانشینی عەرەبستانی سعودیە چەند مەرجێک بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سعودیەوە دەیانەوێ عومرە بکەن، دادەنێت. ئەمڕۆ دووشەممە 26-10-2020، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندوووە، رۆژی یەکشەممە 1-11-2020، قۆناغی سێیەمی ئاساییکردنەوەی گەشتی عومرە، بە رێگادان بە مسوڵمانانی دەرەوەی سعودیە بۆ عومرەکردن، دەست پێدەکات. پێویستە عومرەکار چەند مەرجێکی تێدا بێت، کە مەرجەکان بریتین لە؛ – تەمەنی لە نێوان 18- 50 ساڵ بێت. – بەر لە 72 کاتژمێر لە گەشتەکەی، پشکنینی (PCR)ی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا بکات و ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بێت. – دەبێ عومرەکار پێشتر ناوی خۆی بۆ چوونە مزگەوتی حەرام، مزگەوتی پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت)، تۆمار بکات، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت. – دەبێ عومرەکار بلیتی چوون و هاتن بە فڕۆکە، ببڕێت. – بەر لە دەست پێکردنی رێوڕەسمەکانی عومرە، عومرەکار سێ رۆژ کەرەنتین دەکرێت. – کۆمپانیاکانی عومرە و عومرەکار لە راستیی ئەو زانیارییانەی بە وەزارەتی حەجی سعودیەی دەدەن، بەرپرسیارن. – عومرەکاران دەکرێنە گرووپ گرووپی 50 کەسی و کەسێک لە کۆمپانیای عومرە دەبێت سەرپەرشتیاریان.
سعودیە چەند مەرجێک بۆ عومرەکارانی دەرەوەی وڵاتەکەی دیاری دەکات
