سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی لوبنان رایدەگەیەنێت، کە هاووڵاتییانی عێراق کەللەڕەق و عینادن. ئەمڕۆ دووشەممە 26-10-2020، رۆژنامەی (جمهورییە)ی لوبنانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەعد حەریری، سەرۆکی رەوتی موستەقبەل و سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ساز کردووە. لەو چاوپێکەوتنە، سەعد حەریری رایگەیاندووە، ئەگەر لایەنە لوبنانییەکان راستگۆ بن، ئەوا لە ماوەی یەک هەفتەدا حکوومەتەکەی پێک دەهێنێت. سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی لوبنان راشیگەیاندووە، کە تەنیا ئەو کەسانە دەکاتە ئەندامی کابینەکەی، کە پسپۆڕییان لە بوارەکان هەیە و ئەزموونی کاریشیان هەیە. سەعد حەریری بە دووری زانیوە داوای لێبووردن لە پێکهێنانی حکوومەت بکات و بکشێتەوە و گوتوویەتی، کە سوورە لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، ”دایکم هاووڵاتییەکی عێراقییە، عێراقییەکانیش بە کەللەڕەقی ناسراون“. دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەت، کوتلە پەرلەمانییەکانی لوبنان رۆژی پێنجشەممە 22-10-2020 رێککەوتن لەسەر راسپاردنەوەی سەعد حەریری بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت. سەعد حەریری (لەدایکبووی 1970)، کوڕی رەفیق حەریری سەرکردەی دیاری لوبنانە و دایکی عێراقییە. حەریریی کوڕ، کە لە سعودیە لەدایک بووە، یەکێکە لە سیاسەتمەدار و سەرمایەدارەکانی لوبنان و خاوەن رەگەزنامەی لوبنانی و سعودیە. سەعد حەریری، کە دوای تیرۆرکردنی باوکی لە 2005ـەوە بووەتە میراتگری سیاسیی باوکی و سەرکردەی دیاری سوننەمەزهەبەکانی لوبنان، دوو جار لە (2009-2011 و 2016-2019)، سەرۆک وەزیرانی لوبنان بووە. دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەعد حەریری لە مانگی 10ـی 2019، پەرلەمانی لوبنان لە مانگی 12ـی 2019 متمانەی بە حکوومەتی نوێی لوبنانی بە سەرۆکایەتیی حەسەن دیاب بەخشی و ئەو حکوومەتەش، دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت، خۆی هەڵوەشاندەوە. دوای دەست لەکار کێشانەوەی حکوومەتی لوبنان، رۆژی 31-8-2020 مستەفا ئەدیب بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپێردرا. رۆژی 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 200 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداری لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان. لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛ – سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی – سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب – سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
سەعد حەریری: عێراقییەکان کەللەڕەقن
