ئەسۆشێیتد پرێس: ئێران بە نهێنی بنکەیەکی نوێی ئەتۆمیی دروست دەکات

ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، دوێنێ چوارشەممە بە پشتبەستن بە هەندێ وێنە و گرتە ڤیدیۆی ئاسمانی بڵاوی کردووەتەوە ئێران بە نهێنی و لە شاخێک لە نزیک نەتەنز و لەژێر زەوی و سەرقاڵی دروستکردنی بنکەیەکی نوێی ئەتۆمییە. بەمدواییەش ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیش لە ڕاپۆرتێکدا باسی دامەزرانی ئەو بنکە نهێنییەی ئێران کردووە کە تێیدا چەندن ئامێری پێشکەوتوو دانراوە و سەرقاڵی پیتاندنی یۆرانیۆمن. لەمبارەوە کازم غەریب ئابادی نوێنەری ئێران لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیەن، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئاشکرای کردووە دامەزراوەیەکی پیشکەوتووتر لەناو دڵی شاخێک لەباتی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز دروست دەکرێت کە پێشتر لە ڕووداوێکدا تەقێندراوەتەوە. بە گوتەی ئەو نوێنەرەی ئێران ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە دامەزرانی ئەو بنکە ئەتۆمییە نوێیە ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام ئێران بە پێویستی نەزانیوە کە پشکنێنەرانی ئاژانس سەردانی شوێنی بنکەکەی نەتەنز بکەن کە پێشتر تەقیوەتەوە. ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس نزیکەی دوو مانگ پێش جادەیەکی نوێی لە باشووری نەتەنز لە ئیسفەهان دەستی پێ کردووە و گرتە ئاسمانییەکان دەری دەخەن لەو ناوچەیە ئێران سەرقاڵی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستیک و ئامێری پێشکەوتووە. نزیکەی یەک ساڵ پاش تەقینەوە لەناو دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لە “نەتەنز”، عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران ڕای گەیاندووە، لەو تەقینەوەیەدا ئامێرەکانی سانتریفووژ زیانیان پێ گەیشتووە و بنکەیەکی دیکە لەژێر زەوی دروست دەکرێت.