نووسراوێک لەبارەی دابینکردنی مووچە ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێ

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ناوەرۆکی ئەو نووسراوە ئاشکرا دەکات، کە لەبارەی دابینکردنی مووچە، ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە. د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق ، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “لیژنەکەمان گوێی لەڕاوبۆچوون و دیدى حکوومەت گرتووە بە تایبەت لە خەرجییە داراییەکان لەیاسای پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى ئەم ساڵ، کە به یاسای قەرز ناسراوە”. ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، پرسیاریان ئاڕاستەی نووسینگەی مستەفا کازمی کردووە، گوتیشی: “لیژنەى دارایى چاوەڕوانى وەڵامى ئەو پرسیارەیە کە بە نووسراو ڕەوانەى نووسینگەى مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانیان کردووە لەبارەى تواناى دابینکردنى مووچەی فەرمانبەرانەوە، لەحاڵێکدا ئەگەر تێپەڕاندنى یاسایى پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى لەپەرلەمانەوە دوابکەوێت، ئەوەش دواى دیاریکردنى بڕى قەرزەکان”. سەفار باسى لەوەش کردووە، “لە خوێندنەوەى دووەمدا بۆ یاسایى پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى پێدەچێت بڕى قەرزەکە کە 41 تریلیۆن دینار کەمبکرێتەوە، بۆ ئەوەى تەنها بۆ دابینکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و بیمەى چاودێرى کۆمەڵایەتى و بەشە خۆراکى مانگانە و دەرمان بێ”.