نەتەنیاهۆ: لەگەڵ ئەمریکا و ئیمارات دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، کە لەگەڵ ئەمریکا و ئیمارات، دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە. بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەبارەی فرۆشتنی 50 فڕۆکەی جەنگیی جۆری F35ـی ئەمریکی بە ئیمارات، رایگەیاندووە، ”لە هەمان بەرەین دژی دوژمنێکی هاوبەش“. بنیامیین نەتەنیاهۆ لە ”دوژمنی هاوبەش“ مەبەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە ناکۆکیی لەگەڵ هەرسێ وڵاتی ئیسرائیل، ئەمریکاو ئێمارات هەیە. ئەو لێدوانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، کە کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) کۆنگرێسی وڵاتەکەی لە نیازی ئیدارەی ئەمریکا بە فرۆشتنی 50 فڕۆکەی جەنگیی F35 بە ئیمارات، ئاگادار کردبووەوە. رۆژی سێشەممە 15-9-2020 بە کاتی واشنتن (شەوی سێشەممە بە کاتی هەولێر)، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، (رێککەوتنی ئاشتی)یان واژۆ کرد.