بوومەلەرزەكەی ئیزمیر هەرچەند دەیان كەسی لەو شارە كردە قوربانی، بەڵام چەند وڵاتێک ئامادەیی هاوكاریكردنی توركیایان دەربڕیوە و توركیاش بەم هەنگاوە دڵخۆشە و ئەمەش گرژی و ئاڵۆزیی سیاسیی نێوان توركیا چەند وڵاتێكی رەواندەوە. ماوەی یەك ساڵێک دەبێت بەهۆی ناكۆكی نێوان توركیا و یۆنان لەسەر دەریای سپیی ناوەڕاست، هیچ كام لە سەرۆكوەزیرانی یۆنان و سەركۆماری توركیا ئامادە نەبوون لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و دانوستاندن بكەن، بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەكەی ئیزمیر، سەرۆکوەزیرانی یۆنان پەیوەندیی تەلەفۆنیی بە رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە كردووە و گوتی ئێمە ئامادەی هەموو هاوكارییەكی توركیاین و پرسەی خۆشی ئاڕاستەی ئەردۆغان كردووە بەهۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاووڵاتیی توركیا کە لە بوومەلەرزەکەدا بوونەتە قوربانی. لە لایەكی ترەوە، وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا لەرێگەی تویتەرەوە پرسە و سەرەخۆشی لە گەلی توركیا كردووە، ئامادەیی فەڕەنسای نیشان داوە بۆ هاوكاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی ئیزمیر. وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا دەڵێت، ئەگەر توركیا داوامان لێ بكات هاوكارییان بكەین، ئێمە ئامادەین. ئەمەش لە كاتێكدایە پەیوەندیی توركیا و فەڕەنسا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی چەند ڕووداێکەوە گرژی و ئاڵۆزیی تێ کەتووە. جگە لە یۆنان و فەڕەنسا، چەندین سەرۆكوەزیری وڵاتانی تر، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەکەیئیزمیرەوە پەیوەندیی تەلەفۆنیان لەگەڵ ئەردۆغاندا كردووە و پرسە و سەرەخۆشیان بۆ گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی توركیا دەربڕیوە. دوێنێ هەینی٣٠ی١٠ی٢٠٢٠ بوومەلەرزەیەك بە پلەی ٦.٦ ریختەر لە پارێزگای ئیزمیری تورکیای دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٤ كەس و ٨٠٠ كەسیش بریندارە و بە دەیان باڵەخانەش داڕوخاوە.
بوومەلەرزەكەی ئیزمیر گرژییە سیاسییەکانی کەم کردەوە
