سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یاسای پڕکردنەوەى کورتهێنانی داراییش یەکەم بڕگەیە بۆ تاوتوێکردن، بڕگەکە پەیوەستە بە دەستخستنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران. پەرلەمانی عێراق کارنامەى دانیشتنی ڕۆژی شەممەى داهاتوو(٧-١١-٢٠٢٠)ی بڵاو کردەوە کە بڕگەی یەکەم تایبەتە بە خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی، پڕۆژە یاساکە ڕێگا بە حکوومەت دەدات قەرز بکات بە مەبەستی پێدانی مووچە. شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەفتەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یاسای پڕکردنەوەى کورتهێنانی داراییش خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێ، بەڵام پێشبینی ناکەم بخرێتە دەنگدان، چونکە ڕای زۆرینەی لەسەرە”. گوتیشی: “ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی حکوومەتی عێراقین بۆ پرسی چاکسازی و خستنەڕووی شەفافانەی خەرجییەکان”.
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیە دەکات کە مووچەخۆران چاوەڕوانی دەکەن
