بە هۆی لێكنزیكی دەنگەكانی هەردوو پاڵێوراوی كۆماری و دیموكراتییەكانی ئەمریكا، لەگەڵ نزیكبوونەوە لە گەیشتنە كۆتایی جیاكردنەوەی دەنگەكان، هەردوو تیمی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن هەڕەشەی چوونە دادگا دەكەن، ئەگەر ئەوی تر بە سەرۆكی ئەمریكا دەرچوو. تا ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا یەكلا نەبووەتەوە و زوو زوو ڕێژەی دەنگەكانی هەردوو ركابەرەكە گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەڵام هێشتا دەنگەكانیان لەیەكتری نزیكە، ئەمەش وای كردووە ركابەرییەكە بچێتە قۆناغێكی هەستیارەوە. ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و پاڵێوراوی كۆمارییەكان چەند جارێك ڕەخنە و ناڕەزایی دەربڕیوە لەبارەی كەمكردنی دەنگەكانی و لە ئێستاوە گومان لە ئەنجامەكان دەكات و هەڕەشەی پەنا بردنە بەر دادگا دەكات. ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەنجامی دەنگەكانی هەردوو ڕكابەرەكە لە ویلایەتە چارەنووسازەكانی وڵاتەكە لەیەكتری نزیكە و كەسیان لە بردنەوە یەكلا نەبوونەتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە هەردوو ڕكابەرەكە لە ئێستاوە ئاماژە بە چوونە دادگای فیدراڵی دەكەن لە كاتی دەرچوونی ئەوی تردا، هەروەها ترەمپ دوو جار رایگەیاندووە كە تیمە یاساییەكەی لە ئامادەباشیدان بۆ چوونە دادگا.
هەردوو تیمی ترەمپ و بایدن هەڕەشەی چوونە دادگا دەكەن
