بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی بەرۆكی توركیای گرتووە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، سەرۆكی بانكی ناوەندیی وڵاتەکەی لە پۆستەكەی دوور خستەوە و لە شوێنی ئەو وەزیری پێشووی دارایی توركیای داناوە. بەپێی زانیاریی میدیاکانی تورکیا موراد ئۆیسال، سەرۆكی بانكی ناوەندیی توركیا، بە فەرمی لە پۆستەكەی دوور خرایەوە، لە شوێنی ئەو ناجی ئاغبال، وەزیری پێشووی دارایی توركیا بووە سەرۆكی بانكی ناوەندی. لە ماوەی ١٦ مانگدا ئەمە دووەم جارە سەرۆكی بانكی ناوەندیی توركیا دەگۆڕدرێت، هۆكارەكەش روونە و دیارە و لەبارەی بەرزكردنەوە و دابەزاندنی بەهای دراوی وڵات، بو گوێی ئەردۆغان ناکەن. ماڵپەری (T24)ی توركی لەمبارەوە بڵاوی كردووەتەوە، بۆ یەكەمجارە لە مێژووی توركیا لە ماوەی ١٦ مانگدا دوو جار سەرۆكی بانكی ناوەندی بگۆڕدرێت، چونكە هیچ یەكێك لە سەرۆكی بانكی ناوەندی نەچووبوونە ژێر كاریگەری بڕیارەكانی كۆشكی سەركۆمارییەوە. یەكێك لەو ڕەخنانەی لە توركیا دەگیرێت بەوەی بووەتە هۆكاری بێبایەخیی لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار، بێلایەننەبوونی بانكی ناوەندییە.
ئەردۆغان بەرپرسێكی باڵای لە پۆستەكەی دوور خستەوە
