ترەمپ بەرلەوەی دەسەڵات جێ بهێڵێت سزا بەسەر توركیادا دەسەپێنێت

توركیا وەكوو هەموو وڵاتانی تر لە نزیكەوە چاودێریی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكای كرد، ئەگەرچی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە دڵی توركیا نەبوو، چونكە ئەوان پێیان باش بوو دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا، بەڵام سزادانی توركیا لە لایەن ئەمریكاوە، پەیوەندیی بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدنەوە نییە، بەڵكوو لە كۆنگرێسی ئەمریكا ئەو بڕیارە یەكلا دەبێتەوە. لە پڕۆژەیاسای (دەسەڵاتی بەرگری نێونەتەوەیی)، واتە بودجەی سێكتەری سەربازیی ئەمریكا بۆ ٢٠٢١، بە روونی باس لە سزادانی توركیا كراوە، بەهۆی ئەوەی مووشەكی بەرگریی S400ی لە رووسیا كڕیوە. ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ بەهۆی هاوڕێیەتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، توانی ئەو سزایە بۆ كاتێكی‌تر دوا بخات، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی ١٢ی ئەمساڵدا ئەو پڕۆژەیاسایە لەناو کۆنگرێس دەنگی لەسەر دەدرێت و بە هیچ شێوەیەك دوا ناكەوێت. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC) بڵاو كراونەتەوە، کۆنگرێس كۆكن لەسەر ئەوەی سزا بەسەر توركیادا بسەپێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوو لەسەر سێی کۆنگرێس بە بەڵێ دەنگی بۆ بدەن و ئەوكات ترەمپیش مافی ئەوەی نییە پڕۆژەیاسایەكە ڤیتۆ بكات. بۆیە زۆرێك لە چاودێریان پێیان وایە سزادانی توركیا ناكەوێتە سەر ئیدارەی جۆ بایدن، بەڵكوو هەر لە ئیدارەی ترەمپدا ئەمریكا سزای بەسەر توركیادا دەسەپێنێت.  بەڵام ئەگەر بێت و بڕگەی سزادانی توركیا دەنگی دوو لەسەر سێ نەهێنێت، ئەوكات ترەمپ دەسەڵاتی هەیە سزاكە ڤیتۆ بكات، بەڵام هەموو چاودێرانی سیاسی پێیانوایە پێ ناچێت لە کۆنگرێس دەنگی پێویست هەبێت بۆ رەتكردنەوەی ئەو سزایە و هەموو كۆكن لەسەر ئەوەی دەبێت توركیا رابگیرێت و نەچێتە باوەشی رووسیا.