سەرۆكی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بەر لە ئەردۆغان پیرۆزبایی لە بایدن كرد

دوای ئەوەی میدیاكانی ئەمریكا سەركەوتنی جۆ بایدنیان لە هەڵبژاردنەكان راگەیاند، سەرۆكی زۆرێك لە وڵاتان پیرۆزباییان بۆ بایدن نارد، بەڵام ئەوەی بووە مایەی پرسیار، پیرۆزبایی كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بوو، چونكە بەرلەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا پیرۆزبایی لە بایدن بكات ئەو پیرۆزبایی کردووە. كلیچدارئۆغلۆ لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئاماژەی بەوە داوە، پیرۆزبایی لە جۆ بایدن و كامالا هاریس دەكەم، هیوادرم دۆستایەتی و ستراتیژیەتی نێوان توركیا و ئەمریكا زیاتر برەوی پێ بدرێت. ئەم پیرۆزباییەی كلیچدارئۆغلۆ بووە مایەی رەخنەیەكی زۆری میدیاكانی سەر بە ئاكەپە و سیاسییەكانیان، چونكە پێیان وابوو عورفی سیاسیی شكاندووە و حیسابی بۆ حكوومەت و سەرۆكی توركیا نەكردووە. بایدن بەر لەوەی كاندید بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، لە دیمانەیەكدا گوتی پێویستە هاوكاریی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بكرێت بۆ لەناوبردنی ئەردۆغان، بۆیە ئێستا ئەو گوتەیەی بایدن لە میدیاكانی سەر بە ئاكەپە بەكار دەهێنرێت و دەڵێن ئەو دۆستایەتییەی كلیچدارئۆغلۆ باسی كردووە، مەبەستی ئەوەیە دۆستایەتی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بكات و ئەردۆغان لەناو ببەن. پێدەچێت لەسەر ئەو پیرۆزباییە، حكوومەت لێپرسینەوە لەگەڵ كلیچدارئۆغلۆدا بكات.