لیزا کاکەیی: تاکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی نوێی عێراق ناردنی 320 ملیار دینارەکە بەردەوام دەبێت

ئەندامێکی لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان زانیاری لەبارەی ناردنی بڕی 320 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەخاتە روو. لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیبسبووک) لەبارەی ناردنی بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال رایگەیاندووە: “بەهۆی پەسەندنەکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2020 لەلایەن حکوومەت و پەرلەمانی عێراقەوە، لە ئێستادا کاروباری ئیدارەی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی ماددە و برگەکانی یاسای ئیدارەی دارایی فیدرالی ژمارە 6ی ساڵی 2019 بەرێوەدەچێت، بۆیە رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد لە چوارچێوەی بنەماکانی ئەم یاسایە رێکخراوە”. ئاماژەشی بەوەداوە، ئەگەرچی لە بڕگەی 2ی رێککەوتنەکەدا هاتووە کە بڕی ئەو 320 ملیار دینارە تەنها بۆ مانگەکانی (ئاب، ئەیلول، تشرینی یەکەم)ە، بەڵام لە بڕگەی 7ی رێککەوتنەکەدا هاتووە کە ئەو خاڵانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە تاکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بەردەوام دەبێت. دەشڵێت: “ئەمەش بەو واتایەی حکوومەتی فیدراڵ پابەندە بە ناردنی 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی نوێی عێراق”.