ئیدارەی ترەمپ سزای توند بەسەر ئەوانەی توندوتیژییان دژ بە خۆپیشاندەرانی ئێران كرد دەسەپێنێ

هەفتەی داهاتوو، ئەمریکا سزا بەسەر ئەو بەرپرس و كاربەدەستە ئێرانییانەدا دەسەپێنێ، کە لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی پاری دژ بە حکوومەتی وڵاتەكە، تێوە گلاون. سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) رایان گەیاندووە، كە هەفتەی دادێ، ئیدارە ترەمپ سزا بەسەر ئەو ئێرانییانەدا دەسەپێنێ، کە لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی پاری دژ بە حکوومەت، تێوە گلاون، سزاکان لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکەدا دەردەکرێن، کە بە “خوێناویترین سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دادەنرێ لە ئێران، لەو کاتەوەی ئەو دەسەڵاتە لە ساڵی 1979 هاتووەتە سەر حوکم”. ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو سزایانە بەشێکن لەو زنجیرە سزایانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی. یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، سزاکانی هەفتەی داهاتوو “زۆر توند دەبن و دەیان کەسایەتی و لایەنی ئێرانی دەگرێتەوە.” سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێ: “واشنتن هەموو ئەو کەسانە دەخاتە لیستی رەش، کە لە کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل تێوەگلاون”. وێڕای ئەوەش،  باس لەوە دەكرێ، ئەوانەی سزاکە دەیانگرێتەوە، پەرپرسانی حکوومی و ئەمنین.