بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە ئەم هەفتەیە ڕێنمایی بۆ دامەزراندنی 500 خۆبەخشی تەندروستی دەردەچێت و خۆبەخشانی تەندروستیش دەتوانن فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە. د. خالس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەم هەفتەیە ڕێنمایی لەبارەی دامەزراندنی ئەو 500 کەسە دەردەچێت کە لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچووە و بەگوێرەی ڕێنماییەکان، دەرچووانی هەردوو بەشی پەرستاریی زانکۆ و بەشی سڕکردن دەتوانن فۆڕمی دامەزراندن پڕبکەنەوە و ئەو کەسانە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی کوردستان دەست بەکار دەبن”. گوتیشی: “ئەو 500 کەسەی کە دادەمەزرێن لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت و ئەو کەسانە تەنیا بۆ ماوەی شەش مانگ لە سەنتەرەکانی تایبەت بە پەتای کۆڕۆنا خزمەتی هاووڵاتیان دەکەن و بە دامەزراندنیان سوودی زۆریان دەبێت بۆ وەزارەتی تەندروستی و ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە کە وەزارەتی تەندروستی هەیبوو لە کەمیی ژمارەی پزیشک و پەرستار”. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند: “ئەو پەرستارانەی پێشووتر بە شێوەی خۆبەخش کاریان کردووە لە ناوەندە تەندروستییەکاندا دەتوانن فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە بە مەرجێک ئەو دوو بەشە بێت کە وەزارەتی تەندروستی پێویستی پێیەتی”.
سەبارەت بە دامەزراندنی 500 خۆبەخشەکەی تەندروستی روونکردنەوە دەدرێ
