لە سنووری ورمێ سێ چەکداری ئێرانی کوژران

دوێنی هەینی لە ناوچەی “تەرگەوەڕ”ی سەر بە پارێزگای ورمێ لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزێکی نەناسراو، سێ چەکداری هێزی سنوورپارێزی ئیران کوژراون. ماڵپەڕی (پۆلیس)ی ئێران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە دوانیوەڕۆی دوێنێ هەینی ١٣ی١١ی٢٠٢٠ یەکەی (تەکوەر)ی سەر بە هێزی سنوورپارێزی ئێران لە ناوچەی (تەرگەوەڕ) لە پارێزگای ورمێ لەگەڵ هێزێکی چەکدار بەشەڕ هاتوون و لە ئەنجامدا دوو کەس بە پلەی ئەفسەر بەناوەکانی”موسلم جەهان‌ئارا و مالک تاهیر” و سەربازێک بەناوی “کامران کەرامەت” کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە کە بەهۆی بەرگری و دەستڕێژی زۆری هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران ئەگەر هەیە لایەنی بەرانبەریش زیانێکی زۆریان پێ گەیشتبێت، بەڵام هەتا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ئاماژەی بە کوژرانی لایەنی هێزە چەکدارەکە نەکردووە. هەتا ئێستا هیچ لایەن و حزبێکی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ. دوو هەفتە لەمەوبەر تۆپخانەکانی سوپای پاسداران کوێستانەکانی “بەربزین”ی سەر بە ناحیەی سیدەکان لە قەزای سۆرانیان تۆپباران کرد کە نزیکە لە بنکەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.