ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژى حکوومەتى عێراق رایگەیاند، بڕگەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە گوێرەى یاساى وەرگرتنى قەرز نییە، بەڵکو حکوومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمی کوردستان رێککەوتوون لەسەر پێدانى بڕى 320 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان. ناوبراو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: “ئەو بڕە پارەیە لەسەر گوژمەى بودجەى 2019 هەژمار کراوە، حکوومەتى بەغدا هەموو مانگێک بەهاى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و داهاتى ئیتیحادی لە پشکى هەرێمی کوردستان دەبڕێت”. گوتیشی: “ناکرێت فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان بە هۆى ناکۆکییە سیاسییەکانەوە زیانیان بەربکەوێت. هەروەها ناشکرێت پەنا ببرێتە بەر سیاسەتى درووشمبازى لە سەروبەندى نزیکبوونەوەىى هەڵبژاردنى پێشوەختە و بەو هۆیەوە زیان بە هاووڵاتیان بگەیەندرێت”. ئاماژەى بە ئەوەشدا، پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردن و پەسندکردنى پڕۆژە بودجەى 2021 بۆ ئەوەى بتوانرێت مووچە لە کاتی خۆیدا دابین بکرێت. روونیشیکردەوە، بەغدا لەو بڕە پارەیەى قەرزى دەکات، 12 ترلیۆن دینارە تایبەتى کردووە بۆ دابینکردنى مووچەى ئەم سێ مانگەى ماوە لە ساڵى دارایى 2020. ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد یاسای پڕکردنهوهی کورتهێنانی دارایی تێپەڕێندرا و پاشان سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە تیایدا داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەت و هەرێمی کوردستان کرد کە لەگەڵ کرد نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە و بڕیارێک لەمبارەیەوە بدەن، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی١١ی٢٠٢٠ هەرسێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لەمبارەیەوە ئەنجام دا.