ئەمریکا بەشێکی هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان دەکشێنێتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان دەکشێنێتەوە و پنتاگۆنیش راگەیاندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی داهاتوو بەشێک لە هێزەکانیان لە عێراق و ئەفغانستان دەکشێننەوە. لە راگەیاندراوەکەی پنتاگۆن ئەوەش خراوەتە روو، کە بڕیاری کشاندنەوەی بەشێک لە هێزەکان لە عێراق و ئەفغانستان تاکو 15ی1ی2020، بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت. هەر لەمبارەیەوە موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، کە پێگەی (ئەلموستەقلە) گواستوویەتیەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە عێراق ئێستا ئامادە نییە بۆ کشانەوەی ئەمەریکا، پێویستە ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێ، بۆ ئەوەی کشانەوەکە هیچ بۆشاییەک دروست نەکات، چونکە ناوچەکە گیرۆدەی چەندان ململانێی هەرێمایەتییە، “هەر بۆشاییەک بەجێ بهێڵرێ، رەنگە ببێتە جۆرێک لە پێکدادان”. جەختیش دەکاتەوە، پێویستە سەروەریی بۆ عێراق بگەڕێندرێتەوە و دەستوەردانی دەرەکی کۆتایی پێ بهێنرێ.