دووبارە پێداچوونەوە بە کۆنمرەی قوتابییە وەرنەگیراوەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێت

ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێ کە وا بڕیارە دووبارە پێداچوونەوە بە کۆنمرەی ئەو قوتابیانەدا بکرێت کە ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگەیەک نەهاتووەتەوە. حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و فڕاکسێۆنی پارتی لە پەڕلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “پاش ئەوەی ئەنجامەکانی زانکۆڵاین ڕاگەیاندرا و ژمارەیەک قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیران کە ژمارەیان 56 هەزار قوتابی بوو، بەڵام هێشتا زیاتر لە حەوت هەزار دەرچووی پۆلی ١٢ وەرنەگیراون و ژمارەیەک لە قوتابییە وەرنەگیراوەکان نمرەی زۆر بەرزیان هەیە، بە شێوەیەک قوتابی هەیە کۆنمرەی 90 ی بەدەست هێناوە و لە هیچ شوێنێک وەرنەگیراوە، ئێستا قوتابیان سکاڵای خۆیان هێناوەتە لای ئێمە، ئێمەش بەدواداچوونەکانی خۆمان دەستپێکردووە”. گوتیشی: “ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەمان کرد و ڕێککەوتین کە شێوازی وەرگرتنی قوتابیان دووبارە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە قوتابیان سەردانی بەشی تۆماری نزیکترین زانکۆ بکەن لە شوێنەکانی خۆیان و لە ڕێگەی فۆڕمێکەوە دووبارە داواکاری پێشکەش بکەنەوە بۆئەوەی وەزارەتی پەروەردە بتوانێت لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا شوێن بۆ ئەو قوتابیانە بکاتەوە”. ڕاشیگەیاند: “ئێمە بە ڕێگەی یاسایی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی خوێندکاران دەکەین، بەڵام کێشەی سەرەکی وەرگرتنی قوتابیان سیستەمی پاڕالێلە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر قوتابی بە سیستەمی پاڕالێل و بە پارە وەرگیراون، کە ئەمە جێگەی دڵگرانیی ئێمە و قوتابیانیشە، چونکە رۆژانە قوتابی پەیوەندیمان پێوە دەکەن لەسەر سیستەمی پاڕالێل و سکاڵایان هەیە، بەڵام ئەمە وەزارەتی پەروەردە هۆکار نییە، بەڵکو قوتابیان خۆیان لە کاتی پڕکڕدنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین سەرەتا ئەو بەشانەیان هەڵبژاردووە کە لەگەڵ کۆنمرەکانیان ناگونجێت، دواتر بەشەکانی تریان بە پاڕاڵێڵ پڕ کردووەتەوە”.