سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ راوێژکاری باڵای سەربازیى به‌ریتانیا کۆ بووەوە

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، پێشوازی له‌ راوێژکاری باڵای سەربازیى به‌ریتانیا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوورى ئافریقیا و شاندێکى یاوەرى کرد. سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/11/2020، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، پێشوازی له‌ جەنەراڵ جۆن لۆریمه‌ر، راوێژکاری باڵای سەربازیى به‌ریتانیا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوورى ئافریقیا و شاندێکى یاوەرى کرد کە دواى کۆتاییهاتنى ئەرکەکەى، بۆ ماڵئاوایى سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانى کردبوو. لە دیدارێکدا کە ستیفن هیکى، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەى بوو، دۆخى عێراق و ناوچەکە و پێویستى و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگى و کارکردن بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە تاوتوێ کرا و وێڕاى ئەوەى کە لۆریمەر بەردەوامیى هاوکارى و پشتگیریى بەریتانیاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە، سوپاسى و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ هاوکارى و هاوبەشى و کارکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق دەربڕى، نێچیرڤان بارزانیش سوپاسى هاوکارى و پشتگیریى بەریتانیاى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ جەنەراڵ لۆریمەر خواست. دوایین پێشهاتەکانى شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەى داعش، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەکردنى کێشەکانیان، تێپەڕاندن و پەسەندکردنى یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، دۆخى ئەمنیى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبه‌ش، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.