زانکۆى سەڵاحەدین: هەفتەى داهاتوو دەوامى قوتابیان دەست پێدەکاتەوە

سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین رایگەیاند سەرقاڵى ئامادەکارین بۆ کردنەوەى بەشە ناوخۆییەکان و دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن، کە بڕیارە هەفتەى داهاتوو دەوامى ناو کامپەسى زانکۆکان دەست پێبکاتەوە. د. جەوهەر فەتاح سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین بە (باسنیوز)ى راگەیاند “بە هاوکاریى بەرپرسانى بەشەناوخۆییەکان سەرقاڵى ئامادەکارین بۆ ئامادەکردنى بەشە ناوخۆییەکان و دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن 2020-2021، چونکە زۆربەى قوتابیان مامەڵەکانیان تەواو بووە، تەنیا ئەوانە نەبن کە نیازى دابەزین و گواستنەوەیان هەیە لە کۆلێژێک بۆ کۆلێژ، یان بەشێکى دیکە، بەمەش هەفتەى داهاتوو دەست دەکەین بە دەوامى ناو کامپەسى زانکۆکان، بۆ ئەو بەشانەى کە وانەکانیان بە پراکتیکى دەخوێنن”. هەروەها رایگەیاند “دەستپێکردنەوەى دەوامى زانکۆ و پەیمانگاکان بە جێبەجێکردنى رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى دەبێت، مەرجە بە تایبەت ئەو قوتابیانەى لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە بە تەواوى پابەندى رێکارەکانى خۆپارێزى بن، چونکە پاراستنى گیانى قوتابیان لە هەموو شت گرنگترە لاى ئێمە”. ئەوەشى خستەڕوو “بەشە ناوخۆیى تەنیا بەو قوتابیانە دەدەین کە وانەکانیان پراکتیکین و ناتواندرێ بە ئۆنڵاین بخوێنن، بۆیە پێشبینى دەکەین ژمارەى قوتابیان کەم بێت لە بەشە ناوخۆییەکان، بەمەش دەتوانین بە تەواوى پابەندى خۆپارێزى بین و هەر ژوورێک تەنیا دوو قوتابى تێیدا بمێننەوە”. سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین روونیشى کردەوە كە پار نزیکەى پێنج هەزار قوتابى لە بەشە ناوخۆییەکان دەمانەوە، بەڵام ئەمساڵ پێشبینى دەكەن دوو هەزار و “٥٠٠” تا سێ هەزار قوتابى لە بەشە ناوخۆییەکان بمێننەوە.