لە پەرلەمانى عێراق واژوو بۆ پرساندنى پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراقى کۆدەکرێتەوە

ئەندامێکى لێژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند چەند پەرلەمانتارێکى عێراق هەڵمەتێکى کۆکردنەوەى واژۆیان دەستپێکردووە، بۆ پرساندنى پارێزگارى بانکى ناوەندى عێراقى بە گومانى تێوەگلانى بە گەندەڵى لە دۆسیەى فرۆشتنى دراوى بیانى لە بانکەکە. د. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایى و ئابووریى پەرلەمانى عێراق بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “چەند ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمان هەڵمەتێکی کۆکردنەوەى واژوویان دەستپێکردووە بۆ پرساندنى مستەفا غالب، پارێزگارى بانکى ناوەندى عێراقى، بە گومانى تێوەگلانى بە گەندەڵى لە دۆسیەى فرۆشتنى رۆژانەى دراوى بیانى لە بانکى ناوەندى، چونکە ئەو وەڵامەیان لا پەسەند نەبوو کە پێشتر ئاراستەى پارێزگارى بانکى ناوەندى عێراقیان کردبوو”. راشیگەیاند: “پێشتر پارێزگارى بانکى ناوەندى عێراقى وەڵامى پرسیارى ئەندامانى لیژنەى دارایى دایەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو بانکانەى کە بانکى ناوەندى دراویان پێ دەفرۆشێ بۆ سێ جۆر بانک دابەش کراون، بەڵام پەرلەمانتاران پێیان وایە ئەو کارەى پارێزگارى بانکى ناوەندى بەمەبەستى ئەنجامدانى گەندەڵییە، چونکە فرۆشتنى دۆلارى بانکى ناوەندى قۆرغکارییە و تەنیا چەند بانکێکى دیاریکراوى کەرتى تایبەت دۆلاریان پێدەفرۆشرێ”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” هەوڵێک هەیە بۆ پێدانى دەسەڵاتى فرۆشتنى دراوى بیانى بە وەزارەتى دارایى، یان پێشوەخت باج وەربگیرێت لەبەرامبەر هەر بڕە دراوێک کە بانکى ناوەندى دەیفرۆشێت، بەڵام جێبەجێکردنى بژادەى یەکەم ئەستەمە، لەبارەى بژاردەى دووەمیش بانکى ناوەندى دامەزراوەیەکى سەربەخۆیە و دەسەڵاتى ئەوەى نییە باج وەربگرێت”.