بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژی ئافرەتان رایگەیاند بەهۆى زیادبوونى ئاستى هۆشیارى تاکەکان و رێککارەکانى حکوومەت، توندوتیژى بەرامبەر ئافرەتان بە رێژەیەکى زۆر کەمى کردووە. رەوەند سابیر، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتان و خێزانى هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “بە هۆى زیادبوونى ئاستى هۆشیارى تاکەکان و ئەو رێککارانەى کە حکوومەتى هەرێمی کوردستان پەیڕەویان دەکات بۆ کەمکردنەوەى رێژەى توندوتیژى بەرامبەر ئافرەتان و خێزان، حاڵەتەکانى توندوتیژى بە بەراوردى ساڵانى رابردوو بەرێژەیەکى زۆر کەمى کردووە، بە جۆرێک لە هەندێ شوێن رێژەکە زیاتر 60 % دابەزیوە”. راشیگەیاند: “هێڵى گەرمى 119 رۆڵێکى گەورەى لە کەمکردنەوەى حاڵەتەکانى توندوتیژى بەرامبەر ئافرەتان و خێزان هەیە، چونکە لە رێگەى ئەم هێڵەوە پارێزەران، راوێژکارانى یاسایى و لێژنەکانى ئاشتەوایى بەهاناى ئەو کەسانەوە دەچن کە داواى هاوکارى دەکەن، تائێستاش چەندین کێشەمان چارەسەر کردووە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” لەماوەى 9 مانگى ئەمساڵ تەنیا 4 رووداوى کوشتنى ئافرەت و 32 رووداوى خۆسووتاندنى ئافرەتان لە هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە، کەچى لە 9 مانگى یەکەمى ساڵى رابردوو 30 حاڵەتى کوشتنى ئافرەت و 81 رووداوى خۆسووتاندنى ئافرەتان تۆمارکراون، ئەمەش رێژەیەکى زۆرە و دەرئەنجامێکى دڵخۆشکەرە”.