نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی بەدواداچوون بۆ بابەتی پارەی قەرزی جووتیارانی کوردستان دەدات

جێگرى سەرۆکی لێژنەى کشتوکاڵ و ئاودێرى لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بۆ گەڕاندنەوەى پارەى قەرزى گەنمى جووتیارانى کوردستان قسەمان لەگەڵ جینین پلاسخارت نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە و ئەویش بەڵێنى داوە بابەتەکە لەگەڵ کازمى تاوتوێ بکات. محەمەد ئەمین فارس بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “بە ئامانجى گەڕاندنەوەى پارەى قەرزى گەنمى جووتیارانى کوردستان بۆ ساڵەکانى 2016،2015،2014، هەموو هەولێێکمان خستووەتەگەڕ، لەم نێوەندەشدا قسەمان لەگەڵ جینین پلاسخارت نوێنەرى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کردووە، چونکە ئەو پارەیە بە فەرمانى حەیدەر عەبادى سەرۆکوزیرانى ئەوکاتى عێراق خەرجک راوە، بەڵام پارەکە دیار نییە و یەک دیناریشى بۆ جووتیارانى کوردستان خەرج نەکراوە”. راشیگەیاند: “نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵێنى داوە بابەتى قەرزى جووتیارانى کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق مستەفا کازمى تاوتوێ بکات، چونکە پارەکە بە بە واژووى سەرۆکوزیران لە وەزارەتى داراییەوە بۆ وەزارەتى بازرگانى خەرج کراوە بەڵام دیار نەماوە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” لە یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجەدا کە پەرلەمانى عێراق بەبێ ئامادەبوونى کورد تێىپەڕاند، حکوومەت بڕى 150 ملیار دینارى بۆ کەرتى کشتوکاڵ تەرخان کردووە، بەبێ ئەوەى ئاماژە بە پارەکەى گەنمى جووتیارانى کوردستان درابێت، چونکە وەزارەتى بازرگانى بەنیازە ئەو پارەیە جووتیارانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق خەرج بکات”.