سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕای گەیاند، بەھۆی بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و وەک خۆپارێزییەک لە پەتاکە،پێدەچێت ئەمساڵیش تەنیا یەک وەرز لە قوتابخانەکان دەوام بکرێت و وانە بخوێندرێت. ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ڤایرۆسی کۆرۆنا ھۆکاری نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان و دەستپێنەکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکانە لە ھەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی جیھان”. گوتیشی: “بە ھۆی ئەو پەتایەوە ھاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، ئاساییە ئەگەر تەنیا وەرزێکی خوێندنیش دەوام بکرێت ئەو کات دەتواندرێت وەرزی دووەم بە فەرمی دەست بە خوێندن بکرێت، بەتایبەت کە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تەندروستیی جیھانی لە سەرەتای ساڵی نوێدا پێکوتەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەخرێتە کار” لێدوانی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ھاوکاتی نوێترین لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە رایانگەیاند لە ڕۆژانی داهاتوودا راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر بارودۆخی کۆرۆنا و خوێندنی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان بڵاودەکەنەوە و پێدەچێت ڕاگرتنی دەوامی خوێندنی قوتابخانەکان مانگێکی دیکەش درێژبکرێتەوە.