په‌رله‌مانتارێكى پارتى بۆ سروە عەبدولواحید: ئەو پڕۆژانەی خۆت و براكەت پێیان دەنازن بە پارەی حكوومەت كراون

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان وەڵامی خوشكی شاسوار عەبدولواحید، بازرگانی قەرزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە و وەبیری دێنێتەوە كە ئەو پڕۆژانەی خۆی و براكەی پێیانەوە دەنازن، بە پارەی حكوومەت كراون، بۆیە خەڵكی بە چەند پۆستێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جارێكی دیكە ”بۆ نۆكەرایەتیكردنی شۆڤێنییەكان“ نایكەنەوە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. سروە عەبدولواحید كە تا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوو، هاوشێوەی ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی ئێستا لە بەغداوە دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، هەرچی لە دەستی هات، بۆ زیانگەیاندن بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی، كردی، كەچی لەم دواییانەدا جارێكی دیكە دەستی بە پەلاماردانەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە. لە بەرامبەردا شوان زرارى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى پارتى به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: ”سروه‌ عەبدولواحید چۆن لە ڕووی دێت باسى كۆمپانیاى حزبه‌كان بكات؟ وادیارە بیری چۆتەوە خۆیان چەندە قه‌رزارى حكوومەتی هەرێمی كوردستانن؟ یان چەندە قەرزاری ئەو هەزاران خاوەن پشكەی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤیلاندن كە ساڵانێكە مافە داراییەكانیان پێنادەن؟”. ئەوەشی وەبیر هێنایەوە كە ”ئەو كۆمپانیا و پڕۆژانەی ئێستا سروە و شاسواری برای پێی دەنازن و هەر ڕۆژەی بانگەشەیەكیان پێوە دەكەن، بە پارەی حكوومەت دروست كراون و پارەكەش هێشتا بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەگەڕێندراوەتەوە“. پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەی بەوە كرد كە سروە عەبدولواحید و گرووپەكەی لە بەغدا خەریكی ئەوەن ڕێگە نەدەن حكوومەتی فیدڕاڵ بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، تاوەكوو دۆخی خەڵكی خراپتر بێت و ئەوانیش لەم ڕێگەیەوە لایك و كۆمێنتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كۆبكەنەوە. گوتیشی: ”هەر ئەوانە ساڵانێكی زۆرە خەون بەوەوە دەبینن كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بخەنە سەر بەغدا، خێرە ئێستا زمانی قسەكردنیان گۆڕیوە؟ مەگەر ئەوە بێت كە حكوومەتی فیدڕاڵی هیچ بەهایەكی بۆ هەوڵەكانیان دانەناوە و تەنانەت وەڵامیشی نەداونەتەوە“. شوان زراری داوای لە سروە عەبدولواحید كرد، ”بە شاسواری كاكت بڵێ، ئەو پارانەی كە موڵكی گشتین و بە قەرز پێی دراون، بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە تاوەكوو بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكرێت، ئینجا باسی حكوومەت بكە و ڕەخنە لە شێوازی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بگرە“. جەختیشی كردەوە كە ئەوەی سروە عەبدولواحید و دەستەی پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان دەیكەن كە هەر درێژكراوەی ئەو ئەدەبیاتە سیاسییەن كە كاتی خۆی سروە عەبدولواحید و چەند پەرلەمانتارێكی دیكە لە بەغدا دەستیان بۆ برد، ”موزایەدەكردنە بەسەر خەڵكی كوردستان، بەڵام خەڵكی جارێكیتر بەم موزایەدانە ناخەڵەتێن و بۆ نۆكەرایەتیكردنی شۆڤێنییەكانی عێراق، سروە عەبدولواحید و هاوشێوەكانی ناكەنەوە بە نوێنەری خۆیان“.