ئەمڕۆ هەینی بنەماڵەی كۆچكردوو د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە ڕاگەیاندراوێكدا خەڵكی كوردستانیان ئاگادار كردەوە كە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە، سبەی شەممە كە دەكاتە ڕۆژی چلەی كۆچی دوایی د. نەجەمەدین كەریم، هیچ ڕێورەسمێك بەڕێوە ناچێت. لەمبارەیەوە بنەماڵەی كۆچكردوو د. نەجمەدین كەریم ئەمڕۆ هەینی لە راگەیاندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاماژەیان بەوە داوە “هاونیشتمانیانی ئازیزی كەركووك و كوردستان، سبەی شەممە چل رۆژ بەسەر كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و پارێزگاری پێشووی كەركووك، د. نەجمەدین كەریم تێدەپەڕێت، پەرۆشی و خەمخۆری ئێوەی ئازیز لە كاتی كۆچی دوایی دكتۆر و خەمخۆریتان بۆ سازدانی رێورەسمی چلەی ماتەمینی بۆ كۆچكردوو مایەی پێزانینە لای ئێمە وەكو بنەماڵەی دكتۆر نەجمەدین”. هەروەها لە پەیامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لە سۆنگەی هەستكردنیان بە بەرپرسیارییەتی بەرانبەر كۆمەڵگا و زیادبوونەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا و لەبەر سەلامەتیی گیانی هەمووان، بە پێویستی دەزانن بە هەموو لایەكی ڕابگەیەنن كە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێك بۆ چلەی ماتەمینی كۆچكردوو دكتۆر نەجمەدین بەڕێوەناچێت. جێی باسە 40 رۆژ بەر لە ئەمڕۆ، د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری شەرعی كەركووك، بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد، دواتر لە رێورەسمێكی شایستەدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە تەرمەكەی كرا و لە پیرمام بە خاك سپێردرا، وەك ئەوەی وەسیەتی كۆچكردوو بووە، كاتێك كەركووك ئازاد كرا، تەرمەكەی بە یەكجاری لە كەركووك بە خاك دەسپێردرێت.