شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەوڵی جێگیرکردنی بەشەبودجەی کوردستان دەدات

ئامانج لە چوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، جێگیرکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانە. فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، چوونی شاندەکە بۆ بەغدا بۆ جێگیرکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانە لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021. درەنگانی شەوی پێنجشەممە 3-12-2020، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئەندامێتیی خالید شوانی، وه‌زیری هه‌رێم و عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون، سەردانی بەغدای کرد. بڕیارە رۆژی شەممە 5-12-2020، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، کۆ ببێتەوە. شاندەکە ئەمڕۆ هەینی 4-12-2020، لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی بەشەبودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان  کۆ دەبێتەوە.