ڕۆژنامەنووسێکی سلێمانی: ئەگەر بڕیارە خۆپیشاندانێكی خۆڕسك بكرێت پێویستە ئاراستەكەی بەرەو بەغدا بێت

ڕۆژنامەنووسێکی شاری سلێمانی کە هاوکات چاودێری سیاسییە دەڵێ ئەوەی ئێستا لە چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی دەگوزەرێ خۆپێشاندان نییە بەڵکو زیاتر ئاژاوەگێڕییە و دەستی دەرەکی لەپشتە، دەشڵێ ئەگەر بڕیارە خۆپیشاندانێكی خۆڕسك بكرێت پێویستە ئاراستەكەی بەرەو بەغدا بێت. ئامانج عەبدوڵا سوور، ڕژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە شاری سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ھەموو خۆپیشاندانێک ئامانج و ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی ھەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم یەک دوو رۆژە لە سلێمانی و دەوروبەری بەناوی خۆپیشاندانەوە دەگوزەرێت، درک بەوە دەکرێت کە ئەوە خۆپیشاندان نییە، بەڵکوو زیاتر لە ئاژاوەگێڕییە و دەستی دەرەکیی لەپشتە. گوتیشی، خۆپیشاندانەکانی ئەم دوو رۆژە بە رەفتاری ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە خۆپیشاندەر دەبینین (تەقەکردن، سووتاندنی فەرمانگەی حکوەمی و بارەگا، رێگەگرتن، هەوڵی کوشتنی کادیری حزبی) دەچێتە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەجێندایەکەوە کە کاری وێرانکردنی کوردستانە، چونکە ئەگەر بڕیاربێت خۆپیشاندانێکی خۆڕسک بکرێت پێویستە ئاڕاستەکەی بەرەو بەغدا بێت، کە قووتی خەڵکی کوردستانی بڕیوە. ئەوەشی خستە ڕوو، سووتاندنی بارەگاکانی پارتی و ئازاردانی کادیرەکانی ئەو حزبە، وەک ئەوە وایە نیشانە بگرن لەمێژووی وڵاتێک و خەبات و تێکۆشانی خەڵکانێکی دڵسۆزی ماندوو کە لەناو بارەگاکانی پارتی بڕوایان بەخواستی سەربەخۆیی ھەیە، بۆیە پەلاماردانی کادیر و بارەگاکانی پارتی شووناسی پەلاماردانی خەڵکی کوردستان وەردەگرێت.ئامانج عەبدوڵا سوور، ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئاژاوەکانی ئەم دوو رۆژە جێبەجێکردنی پیلانەکانی ناحەزانی کوردستانە، زیاتر بۆ تیکدانی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئەو ئاژاوانە دروست دەکرێن، بۆیە باشترە خەڵکی ھۆشیار بن و بزانن سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان لەسەروو ھەموو شتێکەوەیە.