داعش دوو بیره‌ نه‌وتی كه‌ركووكی ته‌قانده‌وه‌

 گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك، ئه‌مڕۆ ئاشكرای كرد، كه‌ تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك دوو بیرە نەوتیان تەقاندەوە. رائید عامر نووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 9/12/2020، تیرۆریستانی داعش لە رێگەی چاندنی بۆمبەوە لە باشووری كەركووك، هەردووبیری ژمارە 33 و 44 ی كیڵگەی نەوتی خەبازەیان تەقاندووەتەوە .” ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ئەو كردەوە تیرۆریستییه‌ لەرێگەی چاندنی بۆمبەوە بووە و كوژراو و برینداری لێ نەكەوتووەتەوە، دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌، هەڵاتوون و ناوچەكەیان بەجێ هێشتووە.